شارەوانی ئیستانبوڵ بریکارێکی لە شوێنی ئیمامئۆغڵو هەڵبژارد

بەهۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی، لە ئەنجوومەنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ دەنگدان کرا و، ئەندامی ئەنجوومەنەکە نووری ئاسڵان بۆ بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانی شارەکە هەڵبژێردرا.

بەمەبەستی هەڵبژاردنی بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لە بری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و دەستبەسەرکراوە، ئەنجوومەنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە بینای شارەوانی ساراچهانە بە سەرۆکایەتی دووهەمین بریکاری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، گۆکهان گوموشداغ بەڕێوەچوو، لە فراکسیۆنی جەهەپە نووری ئاسڵان کە ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە بۆ بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانی هەڵبژێردرا، لە فراکسیۆنی ئاک پارتیش، زەینەل عابدین ئۆکوڵ کە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنەکەیە، کاندیدکران.

لە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکەدا کە لە ئەنجوومەنەکەدا بە نهێنیی بەڕێوەچوو ٣٠١ دەنگ دراون و پێنج دەنگیش ئەژمار نەکران، لەو دەنگدانەدا کاندیدی جەهەپە ئاسڵان ١٧٣ دەنگ و، کاندیدی ئاک پارتی ئۆکوڵ ١٢٣ دەنگی بەدەستهێنا.

لە خولی دووهەمی دەنگدانەکەدا ٣٠٢ دەنگ درا، لەو دەنگدانەشدا ئاسڵان ١٧٧ دەنگ و ئۆکوڵ ١٢٥ دەنگی بەدەستهێنا.

بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی ڕەها، خولی سێهەمی دەنگدان ئەنجامدرا و، تیایدا ٣٠٢ دەنگ درا و، کاندیدی جەهەپە ئاسڵان ١٧٧ دەنگ و کاندیدی ئاک پارتی ئۆکوڵ ١٢٥ دەنگی بەدەستهێنا.

بەو ئەنجامەش کاندیدی جەهەپە، نووری ئاسڵان بووە بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ.



PM:02:35:27/03/2025