وەزیری دەرەوەی ئێران: وەڵامی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکامان داوەتەوە

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت"وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی ترەمپ ٢٦ی مانگ لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".

 عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ پێنجسەممە ٢٧ی ئازار بە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانی راگەیاند، وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی گونجاو و لە رێگەی وڵاتی عومانەوە نێردراوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی ترەمپ، رۆژی چوارشەممە، ٢٦ی مانگ لە رێگەی عومانەوە نێردراوە. ئەم وەڵامە فەرمییەش نامەیەکە کە تێیدا را و بۆچوونی ئێمەیە لەبارەی دۆخی هەنووکەیی و نامەکەی بەڕێز ترەمپ کە بە شێوەی تەواو روونکراوەتەوە و بە لایەنی بەرامبەر گەیێندراوە."
 
عێراقچی جەخت دەکاتەوە، سیاسەتیان هەمان سیاسەتی پێشووە کە نەبوونی دانوستاندنی راستەوخۆیە لەژێر ئەوپەڕی گوشار و هەڕەشەی سەربازیدا، بەڵام دانوستاندنی ناراستەوخۆ هەروەک رابردووش هەبووە، دەتوانێ بەردەوام بێت. 
 
دەشڵێت"دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە کابینەی حەسەن رووحانی و ئیبراهیم رەئیسیشدا هەبووە".
 
رۆژی ١٢ی ئاداری ئەمساڵ، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە تاران.


 




PM:10:24:27/03/2025