سەرچاوەیەکی ئێرانی دەقی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕێبەری ئێران ئاشکرا دەکات کە سەرۆکی ئەمریکا دەرگای دیپلۆماسی دەکاتەوە و دەڵێت" دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆتایی هاتن بە ململانێکان لەبەردەستە و هۆشدارییش دەدات لەوەی تاران دەستی ئاشتی رەتکاتەوە زیانی گەورە دەبینێت".
محەممەد ساڵح سدیقیان، بەرێوەبەری ناوەندی عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس دەقی نامەکەی بەبێ دەستکاریکردن بۆ زمانی عەرەبی وەرگێراوەتەوە.
بە گوێرەی ئەو دەقەی ئەو توێژەرە ئێرانییە بڵاویکردوەتەوە دۆناڵد ترەمۆپ سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای نامەکەی دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە واز لە دوژمنایەتی بهێنرێت و لاپەڕەیەکی نوێی بۆ ئاڵوگۆڕی هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر بکرێتەوە.
ترەمپ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژیەکان گیراوەتە بەر دەشڵێت" لە ڕێگەی دانوستان دەتوانرێت گەمارۆکان هەڵبگرێت، ئابووری ئێران بەهێز بکرێت و دەرگاکانی هاوکاریی لە نێوان دو وڵات بکرێتەوە".
بەپێچوانەوە سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر ئەم دەست پێشخەرییە ڕەت بکرێتەوە و ئێران ڕێگای پەرەسەندن و پشتیوانی بەردەوامی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا واشنتۆن وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و خێرای دەبێت.
دەقی نامەکە:
جەنابی ئایەتوڵڵا خامنەیی،
لەگەڵ ڕێزگرتن لە پێگەی ڕێبەرایەتی ئێوە و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دوور لە ساڵانی ململانێ و لێکتێنەگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بینیمان. کاتی ئەوە هاتووە دوژمنایەتی وەلابنێین و لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر هەڵبدەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان هەڵبوەشێنینەوە، ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاریکاری نێوان وڵاتەکانمان بکەینەوە، نەک تەنها لە پێناو بەرژەوەندی دوو گەلەکەمان، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
بەڵام هۆشداریتان دەدەمێ: ئەگەر ئەم دەستەی درێژکراوە ڕەت بکەنەوە و ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕێگای پەرەسەندن و پشتیوانی بەردەوام لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەرکێشییە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. ئێمە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕژێمەکەتان بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان دەستەوسان نابین.
ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو بژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێرانیش گەلێکی مەزنە و شایەنی ئایندەیەکی باشترن، دوور لە گۆشەگیری و هەژاری و ئازار.
ئەگەر ئێوە بۆ دانوستان ئامادەبن، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوام بیت لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژوو ئەوە تۆمار دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستداوە.