سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە وردەکاریی وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا کرد و دەڵێت" تاران دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕەتکردەوە".
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، ئەمڕۆ لەبارەی وەڵامدانەوەی نامەكەی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند" وڵاتەکەی هەرگیز پرەنسیپی دانوستانی ڕەتنەکردۆتەوە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی شکستی هەر دانوستانێکی پێشوتر لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا بووە، کە بووە هۆی لەدەستدانی متمانەی نێوان هەردوولا".
سەرۆکی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" تاران لە وەڵامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە گەڕاندنەوەی متمانە پێویستی بە هەنگاوی کردەیی لە واشنتۆنەوە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە کردەوەکانی ئیدارەی ئەمریکا فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی داهاتووی هەر دیالۆگێک لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پەرەدەستێنێت و لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵی نێوەندگیری نێوان هەردوولا دەدەن، بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان، دیارترینیان پرسی ئەتۆمی ئێرانە.