ئێران هەڕەشەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دەکات

ئێران بۆ یەکەمجار هەڕەشەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات ئەگەرهاتوو ئەمریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی.

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی دۆسێی ئەتۆمی ئێران بۆردومان بکەن، تاران ناچار دەبێت بەرەو پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو بنێت.

تاران بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە و ئەمە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی باڵای ئێران هەڕەشەی پەنابردنە بەر بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات.

عەلی لاریجانی دەربارەی ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، ناوەڕۆکەکەی هەر ئەو قسانە بووە کە ترەمپ لە وتارەکانیدا دەیانکات، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و زمانێکی دیپلۆماسییانە.

لاریجانی جەختیشکردەوە کە ترەمپ ناچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێران مەگەر لە حاڵەتێکدا کە بیەوێت قومار بە سوپاکەیەوە بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران هۆشداریدا لەوەی تاران لە ڕێگەی دانوستان بە تەواوەتی کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەهێنێت ناچار دەبین هێرشی سەربازی بکەینە سەری و بە جۆریک بۆردومانی بکەین کە وێنەی نەبووە.




AM:12:03:01/04/2025