نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی ئەو ڕیکخراوەیە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ولاتەکەی وەک پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف دەکات
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی ئێران، بە جیا نامەی بۆ کریستینا مارکووس لاسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، لە نامەکیەدا بۆ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدژی ئێران بە "بێباکانە و دووژمنکارانە و پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناو دەبات.
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیاریێتی خۆی لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات.
هەڕەشەش دەکات و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدژی هەر جۆرە سەرکێشییەکی سەربازی هۆشداری جیددی دەدات و رایدەگەیێنێت، بە خێرایی و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر کردەوەیەکی شەڕانگێزانە یان هەر هێرشێکی ئەمریکا و بریکارەکەی (بەتایبەتی) رژێمی ئیسرائیل لە دژی سەروەری، یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی دەداتەوە." دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی تەواوی ئەنجامە ترسناکەکانی هەر کارێکی دوژمنکارانە، بە تەواوی لە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە."
ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند" لە ئەگەری ئەوەی پرسی ئەتۆمی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستان چارەسەر نەکرێت تاران دەبێت جاوەڕێی بۆردومانێک بێت کە وێنەی نەبووە".