ترەمپ پاکێجێکی گەورەی باج بەسەر "هەموو وڵاتان"دا دەسەپێنێت

جیهان چاوەڕوانی دوایین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، "شەڕی نوێی گومرگی" لەسەر بازرگانی جیهان ڕابگەیەنێت، ترەمپ پاکێجێکی گەورەی باج بەسەر "هەموو وڵاتان"دا دەسەپێنێت، وەک خۆی دەڵێت، بەتایبەتی ئەوانەی هاوسەنگی بازرگانییان هەیە و لە بەرژەوەندی ئەواندایە، واتە زیاتر هەناردەی ئەمریکا دەکەن لەوەی لێیەوە هاوردە دەکەن، عێراقیش لایەنێکە لەم بڕگەیەدا.

ڕۆژنامەی گواردیان بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پاکێجێکی گەورەی باجی ئامادەکردووە و بەنیازە بەسەر بەشێک لە وڵاتاندا بیسەپینیت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی نا هاوسەنگی بازرگانییان هەیە، واتە قەبارەی هەناردەیان بۆ ئەمەریکا زۆر زیاترە لە قەبارەی هاوردەیان.

ترەمپ، دوێنێ ٢ی نیسانی بە رۆژی رزگاری ناوزەند کردوە و دەڵێت" ئەو بەرەنگاربونەوە گومرگییانەی لەم هەفتەیەدا رادەگەیەنرێن، هەمو وڵاتان دەگرێتەوە نەک تەنها ژمارەیەکی سنووردار".

عێراق، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ناهاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، لە ساڵی ٢٠٢٣ عێراق بە بەهای نزیکەی ٩ ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتە کردوە، لەنێویاندا بایی ٦ ملیار دۆلار نەوتی خاو،بەڵام لەبەرامبەردا بەبەهای تەنها یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئەمریکاوە هاوردە کردوە.



PM:01:56:02/04/2025