وتەبێژی کۆشکی سپی: لێدان لە حوسییەکان توانای ئێران لە ناوچەکە لاواز دەکات

کاڕۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگه‌یاند" هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی ٢٠٠ هێرشیان کردووتە سەر بنکە و حەشارگەی چەکدارانی حووسی، ئامانجیش له‌م هێرشه‌ چڕانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر حووسییه‌كان لێدانی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢ی نیسانی ٢٠٢٥ کاڕۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" چڕكردنه‌وه‌ی هێرشەكانی ئەمەریکا له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا بۆ سەر حووسییەکانی یه‌مه‌ن کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر لاوازکردنی توانا سه‌ربازی و لۆجیستییه‌كانی ئێران لە ناوچەکەدا، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئێران شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت نه‌كات ".

کاڕۆلین لیڤیت ڕاشیگه‌یاندووه‌ " لە هێرشەکاندا ژمارەیەک سەرکردە و ئەندامانی باڵای حووسییه‌كان کوژراون، جەختیشی کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا تا ئەو کاتەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێننەوە به‌تایبه‌تیت ئاسایشی ده‌ریایی، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن ".

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند بوو" به‌ پێی پلانێك هێرشەکانیان بۆ سەر چەکدارە حووسییەکانی یەمەن چڕتر دەکەنەوە تا ئه‌ندازه‌ی پاككردنه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌كه‌ ، ڕاشیگه‌یاندووه‌ هێشتا حووسییه‌كان ئازاری گه‌وره‌تریان نه‌دیووه‌ و ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ ".




PM:06:22:02/04/2025