ماکرۆن داوا لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەکات کارەکانیان لە ئەمریکا ڕابگرن

سەرۆکی فەرەنسا داوا لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەکات سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە ئەمریکا "تا دۆخەکە ڕونتر دەبێتەوە" سەبارەت بە باجەکانی ئەمریکا ڕابگرن.

ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەو کەرتە ئابوورییانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باج بەسەر هاوردەکردندا، وتی" ئەوەی گرنگە، ڕاگرتنی وەبەرهێنانەکانی داهاتووە، یان ئەوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون، بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرتنی وەبەرهێنانەکانە، تاوەکو ڕوونکردنەوەمان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت". 

ماکرۆن وتیشی" ئەمە پەیامێکە کە دەتوانین بینێرین، بە تایبەتی ئەگەر وەبەرهێنانەکان لە ئابووری ئەمریکا لە هەمانکاتدا دەستپێبکەن کە لێمان دەدەن". 

هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا هۆشداریدا لە دەرئەنجامەکانی ئەو باجە نوێیانە و وتی" ئەم باجانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری ئەوروپا دەبێت، بەڵام ئەمریکییەکان زەرەرمەندی ڕاستەقینەن کە لەم بەرزبوونەوەی بازرگانییە لاوازتر و هەژارتر دەردەکەون". 

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە" کاردانەوەی ئەوروپا بۆ باجی گومرگی بە دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم لە ناوەڕاستی مانگی نیسان دەبێت، قۆناغی دووەم لە کۆتایی مانگی نیساندا دەبێت، دوای لێکۆڵینەوە لە وەڵامدانەوەمان لە هەر کەرتێکدا". 

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد ئامادەکاری بکات بۆ وەڵامدانەوەی زۆرەملێ بۆ باجەکانی ئەمریکا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ دژی ئەمریکا بۆ نموونە" بە ئامانجگرتنی تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییەکانی ئەمریکا".

وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا سۆفی پریما، هەر ئەمڕۆ دووپاتیکردەوە کە" ڕەنگە تا کۆتایی ئەم مانگە کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگرنەبەر کە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی (گۆگڵ، ئەمازۆن، فەیسبوک) بە ئامانج بگرن". 



PM:08:43:03/04/2025