میدیایەکی جیهانی ئاشکرای کرد، ئێران فەرمانی بە کارمەندە سەربازییەکانی لە یەمەن داوە، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، سەرۆکی ئێرانیش بە شازادەی جێنشینی سعودی راگەیاند، وڵاتەکەی جەنگی لە ناوچەکە ناوێت و ئامادەیە کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکات.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ڕۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی ڕاگەیاندوە، بە ئامانجی خۆ بەدورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا وڵاتەکەی فەرمانی بە کارمەندە سەربازییەکانی کردوە لە یەمەن بکشینەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد"ئێران ستراتیژیەتی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کەمدەکاتەوە، لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا دەبێت."
لای خۆشییەوە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، جێنشینی پاشای سعودیە، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی جەنگی لە ناوچەکە ناوێت و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
پزیشکیان هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردەوە کە ئێران مافی خۆیەتی سودی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی وەربگرێت و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.