وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات کە وەڵامی نامەکەی ترەمپی داوەتەوە و دەڵێت" وڵاتەکەی پابەندە بە دانوستان".
رۆژی یەکشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە وەڵامی نامەکەی ترەمپیان داوەتەوە و وتی "دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە بەردەوام هەڕەشەی پەنابردن بۆ هێز دەکات و گوێمان لە هەڵوێستی دژ بە یەک لە لایەن بەرپرسانییەوە دەبێت، بێ مانایە".
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک تاران پابەندن بە دیپلۆماسییەوە و "ئامادەین رێگەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بگرینەبەر".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی ئامادەی هەر رێگەیەکی دیکەیە و رایگەیاند "ئێران بۆ هەر رووداوێک و هەموو رووداوێک هەیە. هەروەک چۆن لە دانوستاندن و دیپلۆماسییەتدا جیدییە، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و پاراستنی سەروەرییەکەی رژدە".
مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئێران کرد دانوستاندن لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ واشنتن بکات و هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر دیپلۆماسییەت شکست بهێنێت، ئامادەیە پەنا بباتە بەر هێزی سەربازی.
ترەمپ پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پێی وایە ئێران ئامادەیە بچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ترسی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە نایەوێت تاران تووشی شڵەژان بێت، بەڵکو دیالۆگی ڕاستەوخۆی پێ باشترە.