فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئامادەیى هێزەکانى وڵاتەکەى بۆ هەر جۆرە شەڕێک دەردەبڕێت، دەشڵێت"فەیلەقی قودس لە یەک کاتدا لە چەندین بەرەدا لە یەمەن، عێراق، لوبنان و فەڵەستین شەڕی کردوە"...
حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانى ئێران، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەى رایگەیاند: ساڵی رابردو ساڵێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی زۆر قورس، گەورە و سەخت بو بۆ ئێران و سوپای پاسداران.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە فەیلەقى قودس لە یەک کاتدا لە چەندین بەرەدا لە یەمەن، عێراق، لوبنان و فەلەستین لە جەنگدا بوە.
حسێن سەلامی، رەتی کردەوە، روداوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتى روخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئێرانی لاواز کردبێت، دەشڵێت"هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ئەگەری هەر شەڕێک ئامادەن، بەڵام دەستپێشخەرى ناکەن، دوپاتیشی کردەوە بۆ یەک هەنگاویش لە بەرامبەر دوژمن پاشەکشە ناکەن".