ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ڕایگەیاندووە" عەلی خامنەیی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردووە کە ئامادەباشی تەواو بکەن لە پێشبینی هەر کردەوەیەکی سەربازی دژ بە ئێران". (ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە پەرەدەستێنن)
ئەو بەرپرسە ئێرانییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی" ئێران هۆشداری ڕاستەوخۆی بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە عێراق، کوەیت، ئیمارات، قەتەر، تورکیا و بەحرەین دەرکردووە و ڕایگەیاندووە، هەر پاڵپشتییەک پێشکەش بە هێزەکانی ئەمریکا بکرێت لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، جا بە کەڵک وەرگرتن لە ئاسمانی یان وشکانی، بە کارێکی دوژمنکارانە هەژمار دەکرێت و بە وەڵامدانەوەی توند ڕووبەڕووی دەبێتەوە".
ڕاشیگەیاندووە" داواکاری پێشووی ئەمریکا بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ، بەڵام کراوە دەمێنێتەوە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیری عومانییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ تاقیکردنەوەی "جددییەتی واشنتۆن" لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیدا بڕەخسێنێت.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە ئێران پێی وایە دوو مانگ زیاتر نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هۆشداریشیدا کە ئیسرائیل دەتوانێت درێژی دانوستانەکان بقۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێشوەختە کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی سەپاندنی دەستبەجێی سزا نێودەوڵەتییەکان.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا تاران ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دانوستانێکی سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی خۆی دووپاتکردەوە، هاوکات سەرچاوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دووپاتیانکردەوە کە ئێران چالاکییەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٦٠% چڕتر کردووەتەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای ڕاگەیەندراوی پشتیوانی سیاسی ڕووسیا بۆ تاران، بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە" گومانی ناوخۆی لەسەر پابەندبوونی ڕاستەقینەی مۆسکۆ بە ئێران لە زیادبووندایە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و پوتین".