ئێران ڕەتیدەکاتەوە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" تاران هیچ پێشنیارێکی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن قبوڵ ناکات". 

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند" وڵاتەکەی پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن قبوڵ ناکات کە پێشتر هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەوە نەکرابێت". 

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" ئێمە ئامادەین دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری سوڵتانییەتی عومان ئەنجام بدەین".

عێراقچی ئاماژەی بەوەدا کە" تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی تاران".

ڕوونیشیکردەوە، وڵاتەکەی پەلە ناکات لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان. 

سەبارەت بەو ناوانەی کە لە میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕەنگە دانوستان بکەن، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیکردەوە کە" هەموو قسە و باسەکان نادروستن". 

هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە" بەرپرسیارێتی لە هەر جۆرە دانوستانێکی ئەگەری دەکەوێتە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەودا دەبێت". 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ئاشکرایکردبوو کە نامەیەکی بۆ ڕێبەری باڵای ئێران سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ناردووە.



PM:06:41:07/04/2025