ئێران وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپ دەداتەوە

بەرپرسانی ئێران ڕایدەگەیەنن" تێگەیشتنی وڵاتەکەیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا جیاوازە لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دوای دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی کرد". 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاویکردەوە" نوێنەرانی تاران و واشنتۆن بە نیازن ڕۆژی شەممە لە عومان کۆببنەوە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران". 

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە ڕاشیگەیاندووە" تاران کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن، ئەگەر دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بە باشی بەڕێوەبچێت".

ئەم لێدوانانە لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپدا دێت کە ئەمریکا و ئێران دانوستانی ڕاستەوخۆیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەستپێکردووە، ئەمەش ڕاگەیاندنێکی سەرسوڕهێنەر بوو، دوای ئەوەی بەڕواڵەت کاربەدەستانی ئێرانی بانگەوازەکانی ئەمریکایان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕەتکردەوە، بەڵام سەرەتا دەرگای گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی بە کراوەیی هێشتەوە.

هاوکات دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە میانی وتووێژەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە، ڕۆژی شەممەش بەردەوام دەبن، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان هەیە، و دەبینین چی ڕوودەدات، پێموایە هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنێکی باشتر دەبێت". 

هەروەها ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان شکست بهێنن، ئێران "لە مەترسییەکی گەورەدا" دەبێت.

ڕۆژی ٧ی مانگی ڕابردووش سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران، پێشنیاری دانوستانی کردووە، بەرپرسانی ئێران لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە تاران لە ژێر هەڕەشەدا ناچێتە ناو دانوستانەکانەوە.



AM:08:30:08/04/2025