وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادایە، ئەگەر واشنتۆن ئیرادەی راستەقینەی هەبێت، دەشڵێت" ئامانجیان لە دانوستان، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیانە".
ئاژانسی فەرمیی ئێران، ئیرنا، لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، بریارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، کۆبونەوەی نێوان شاندی باڵای ئێران و ئەمریکا بە میوانداریی وڵاتی عومان بەڕێوە بچێت.
عێراقچی، جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئیرادەی راستەقینەیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان هەبێت، وتیشی"دانوستانەکان بەشێوەی ناراستەوخۆ بەڕێوە دەچن، چونکە باوەڕیان بە دانوستانێک نییە کە تێیدا لایەنێک داواکارییەکانی لە ڕێگەی فشار و زۆرداریەوە بسەپێنێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لە دانوستانەکان، دەستبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران و هەلگرتنی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیانە.