ناتانیاهو: ئێران لە دانوستانەکاندا کات بکوژێت گورزی سەربازیی بەکاردەهێنین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی وەشاندنی گورزی سەربازیيشەوە بێت".

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە ئەگەری لەناونەچوونی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئاکامی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ ئەمریکا، ئەوا پێوسیتە پەناببرێتە بەر گورزی سەربازی" .

جەختیشیکردەوە کە ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و وتی، بە ڕێکەوتن بێت یان بە گورزی سەربازیی، لەناوی دەبەین.

ناتانیاهو باسی لەوەش کرد کە ئەم بابەتەیان لەگەڵ  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس کردووە و لەم بارەیەوە هەردوو سەرکردە هاوڕابوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد کە پێویستە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر چاودێری ئەمریکادا لەناو ببرێن و بە تەواوی ڕیشەکێش بکرێن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێک و یان کات کوشتنی ئێران، ئەوە گورزی سەربازیی لە ئارادایە.

ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە چاوەڕان دەکرێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەمریکا و ئێران لە عومان بۆ دانوستان کۆببنەوە، واشنتۆن دەڵێت دانوستانەکە ڕاستەوخۆ و تارانیش دەڵێت ناڕاستەوخۆ دەبێت.



AM:12:02:09/04/2025