بڕیارەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگیی بەسەر دەیان وڵاتی جیهان کەوتە بواری جێبەجیکردنەوە و ڕێژەی باجەکانی سەر چینیش دوو هێندەی تێپەڕاند.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بڕیاری سەپاندنی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا بەسەر نزیکەی ٦٠ وڵاتی جیهاندا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە پێی بڕیارەکە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە واژو کراوە، باجی گومرگی بە ڕێژەی ١١ ٪ تا ٥٠ ٪ بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتانەدا دەسەپێندرێت، جگە لە چین کە ڕێژەکەی بۆ ١٠٤٪ بەرزکراوەتەوە.
جەنگە ئابوورییەکەی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی جیهان و بە تایبەتیش بەرامبەر بە چین کە خاوەنی دووەم گەورەترین ئابوورییە، بووەتە هۆی ناسەقامگیری بازاڕەکان و مەترسیش هەیە پاشەکشە بە ئابووری جیهان بکات.
دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداری دایە ئەمریکا کە ملکەچی سزاکانی ترەمپ نابێت و ئەگەر بیەوێت جەنگی ئابووری لە دژیان بەرپا بکات، ئەوا تا کۆتایی دەجەنگن.