وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەفتەی داهاتوو شاهیدی خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن دەبێت".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە" واشنتۆن هەوڵیداوە نیازپاکی خۆی لە دانوستانەکاندا نیشان بدات و پێدەچێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو خولی دووەم بەڕێوەبچێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو بە هاوکاری وەزیری دەرەوەی عومان قسەمان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەر بوو لە کەشێکی ئارامدا، دوور لە زمانی هێرشبەرانە.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" هەردوولا خوازیاری درێژکردنەوەی دانوستانەکان نین و لایەنی بەرامبەریش هەوڵیداوە نیازپاکی خۆی لە دانوستانەکاندا نیشان بدات، دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم خولە لە ئێران بەڕێوە ببەین".
دەشڵێت" ئێمە هەوڵدەدەین لە خولی دووەمدا وردەکاری دانوستانەکان دیاری بکەین، لە نێویاندا خشتەی کاتییان".