"جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەینەوە"

ئەمشەو یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەقی بەیاننامەی هاوبەشی پێنجەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنی باڵای نێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیای لە ئەنتاڵیا بڵاوکردەوە و بەپێی بەیاننامەکە هەردوولا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەنەوە. 

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، ئەمڕۆ پێنجەمین کۆبوونەوەی باڵای ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا لە ئەنتالیا بە  بە بەشداری فوئاد حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە لایەنی عێراقییەوە بەرێوەچوو، هەروەها لە لایەنی تورکیاشەوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری نیشتمانی تورکیا و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و جێگری وەزیری ناوخۆ بەشداربوون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا ئیرادەی خۆیان بۆ زیادکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە هەموو بوارەکانی دوو قۆڵیدا دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە کرایەوە، لەم پێوەندییەدا هەردوولا خواستی هاوبەشی خۆیان بۆ پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاری نزیکی هەنووکەیی لە بەرامبەر ئەم بانگەوازە دووپاتکردەوە.

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

پێنجەمین کۆبوونەوەی باڵایی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا لە ئەنتالیا بە بەرواری ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، بە بەشداری "فوئاد حسێن " جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە لایەنی عێراقییەوە بەرێوەچوو.

لە لایەنی تورکیشەوە " هاکان فیدان " وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری نیشتمانی تورکیاو بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و جێگری وەزیری ناوخۆ بەشدار بوون.

هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە سەلامەتی و سەروەری خاکی هەردوولا کردەوە.

هەردوو لا بڕیاریان لەسەر زیادکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە هەموو بوارە دوولایەنەکان دا، لەوانە بواری سەربازی و ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پیشەسازییە بەرگرییەکان و وزە و ئاو و پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.

هەردوو لا بڕیاری هاوبەشیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی بەردەوام، لە ڕێگەی سەردانە  دووقۆڵیەکاندا، لەم پێوەندییەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی سەردانی چاوەڕوانکراوی "محەمەد شیاع سودانی " سەرۆک وەزیران بۆ تورکیا لە ٨ی  ئایاری ٢٠٢٥ بۆ بەشداری لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای هاوکاری ستراتیژی.

لە ژێر ڕۆشنایی هەڕەشەی هاوبەشی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر هەردوو وڵات، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری پارتی کرێکارانی کوردستان و چەکدانانی کرایەوە.

لەم بارەیەوە، هەردوولا خواستی هاوبەشیان بۆ پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوام دژی ئەم هەڕەشە هاوبەشە دەربڕی.

سەبارەت بە سوریا و وڵاتانی دراوسێی لەبارەی پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە کۆبونەوەکانیان پێشتر  لە ٩ی  ئازاری ٢٠٢٥ لەسوریا بەڕێوەچوو، هەردوو لا جەختیان لەسەر دروستکردنی سەنتەری چالاکییە هاوبەشەکان کردەوە.

هەردوو لا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربارەی پێشێلکارییە گەورەکانی کیانی  ئیسرائیل دژی خەڵکی کەرتی غەززە و لوبنان و هەروەها خاکی سوریا دەربڕی.

هەردوو لا پێشوازییان لە ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی دوایی نێوان  ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت لە بەرواری ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥ کرد و جەختیان کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دیالۆگە ڕێگا بۆ چارەسەری ئاشتییانە خۆشدەکات.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عێراق



PM:09:13:13/04/2025