سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت" هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە شوێنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران نەدراوە و لە ئامادەکارییەکان بەردەوامن".
ئەمڕۆ دووشەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ڕاگەیاند" تاران هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە لە شوێنە پێشنیار کراوەکان بۆ میوانداری گەڕی دووەمی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن، هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە شوێنی دانوستانەکان نەدراوە".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوایی هەوڵدەدەن هەندێک وڵات وەک دوا شوێنی دانوستانەکان بەرەوپێش ببەن، بەڵام تا ئێستا ئێران بڕیاری لەسەر هەڵوێستی خۆی نەداوە و بەردەوامە لە ڕاوێژەکانی لەگەڵ لایەنی عومانی کە وەک ناوبژیوانێک مامەڵە دەکات، بۆ گەیشتن بە بڕیاری کۆتایی.
ئەوەشی خستەڕوو، تاران بایەخ بە ڕێککەوتنی لایەنی عومانی دەدات سەبارەت بە شوێنی خولی نوێی دانوستانەکان کە ڕاگەیاندنی فەرمی شوێنەکە وابەستەی ئەنجامی ئەو ڕاوێژکاریانە دەکات.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئەو هەواڵە میدیاییانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کراوە بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بانگەشەیە" هەڵەیە و دانوستانەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆی خۆیان وەک پێشتر بەردەوام دەبن".
هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە" خولی دووەمی دانوستانەکان لە ڕۆمای پایتەخت بەڕێوەدەچێت"، لەکاتێکدا سەرچاوە ئێرانییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە پێدەچێت خولی دووەم لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، یان جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت.