رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: عێراقچی بانگهێشتی ویتکافی کردووە بۆ تاران

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی لە کاتی دانوستانەکانی عوماندا بانگهێشتی ستیڤن ویتکافی کردووە بۆ سەردانی تاران. ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و بەشێک لە ئەندامانی حکومەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئێران دانوستانەکان بۆ کوشتنی کات کەڵک وەربگرێت.

رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم نووسیویەتی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشتی سەفەری تارانی ڕەت نەکردووەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ویتکاف بە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و پابەندبوونی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی وەبەرهێنانی بەرفراوانی ڕۆژئاوایی.

ئەو رۆژنامە بڵاویکردەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و بەشێک لە ئەندامانی حکومەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئێران لە دانوستانەکان بۆ کڕینی کات بەکاربهێنێت لە هەمان کاتدا بەدیهێنانی وردە وردەی لێخۆشبەنی سزاکان.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕەتیان کردەوە کە دانوستانەکانی عومان ڕاستەوخۆ بووبێت، بەڵام دوای وتووێژەکان، عێراقچی ڕایگەیاند" کە دوای وتووێژەکان لەگەڵ ویتکاف کۆبووەتەوە و قسەی کردوو"ە.

ئیسرائیل هیوم بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار لە وردەکاریی دانوستانەکان نووسیویەتی لە قۆناغی یەکەمی دانوستانەکاندا شاندی ئێران و ئەمریکا وەک ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی "ڕێکەوت" ڕوویدابێت، چوونەتە ناو هەمان هۆڵەوە. ویتکاف و عێراقچی لە گۆشەیەکی هۆڵەکەدا، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عومان، چوونەتە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ.




PM:08:02:15/04/2025