کەناڵێکی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت" بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکا دامەزراوەی سەربازی ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە کە کشانەوەی وردە وردەی هێزە سەربازییەکانیان لە سوریا لە ماوەی دوو مانگدا دەستپێدەکات"، ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت" پێداچوونەوەی جیهانی بە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجام دەدرێت".
یۆسی یەهۆشوا شرۆڤەکاری سەربازی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بە کەناڵی ١٠ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە" هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی واشنتۆن لە کشانەوەی هێزەکانی شکستیهێناوە، بەڵام دامەزراوە سەربازییەکە کۆڵنادات و فشار دەخاتە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا".
کەناڵەکە ڕاشیگەیاندووە" بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا لە سوریاوە نیگەرانییەکانی تەلئەبیب دەوروژێنێت بەوەی کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری و بڵاوبوونەوەی کارە نەخوازراوەکان لە سەرانسەری ناوچە سنوورییەکاندا".
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە ڕایگەیاندبوو" سوپای ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ یەکخستنی هێزەکانی لە سوریا لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ژمارەیان بۆ نیوە کەمبکاتەوە".
هەروەها بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە" یەکگرتنەوەکە دەتوانێت ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا بۆ نزیکەی هەزار سەرباز کەمبکاتەوە".
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا پلانی کەمکردنەوەکەی سەربازەکانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هیچ دڵنیایییەک لەبارەی ژمارەکانەوە نییە و گومانیشی هەیە لە کەمکردنەوەیەکی گەورەی وا لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات و هێز لە ناوچەکەدا کۆدەکاتەوە.
هاوکات ئاژانسەکە دەشڵێت" پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریکا، پێداچوونەوەی جیهانی بە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان ئەنجام دەدات".
سوپای ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سوریا هەیە کە بەسەر چەند بنکەیەکدا دابەشکراون و زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتن.
هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپە چەکدارەکانی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سوریادا گرت و دواتر تێکشکێندرا.