ئەمریکا پلانی هێرشی ئیسرائیلی بۆسەر ئێران پووچەڵ کردەوە

میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگرتووە کە چاوەڕوان دەکرا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجامی بدات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە" ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی داڕشتبوو بۆ ئەوەی لانیکەم ساڵێک تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دوابخات".

ڕوونیشیکردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بووە لە ڕووی بەرپەرچدانەوەی هەر کاردانەوەیەکی ئێران یاخود مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی هێرشە ئاسمانییەکان.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێراندا بووە هۆی لەباربردنی پلانەکەی ئیسرائیل و ڕاشیگەیاند" لە نێو ئیدارەی ئەمریکادا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان (هەڵۆکان)و (کۆترەکان)دا هەبووە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەی ئێراندا".

نیویۆرک تایمز ڕاشیگەیاند" دواجار بە (سازانێکی فشەڵ) باڵی دیپلۆماسی ئیدارەکەی ترەمپ توانی بەسەر بۆچوونی هەڵۆکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێراندا سەربکەوێت".



AM:10:46:17/04/2025