دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت" لە کردەی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلەم نییە، چونکە بژاردەی یەکەم دانوستانە، بەڵام بژاردەی دووەمم بۆ ئێران باش نابێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی نیسان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی دیداری لەگەل سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیشی پشتڕاست نەکردەوە کە باسی لەوە کردبوو، سەرۆکی ئەمریکا رێگری لە ئیسرائیل کردووە تاوەکو هێرش نەکاتە سەر ئێران، ترەمپ لەبارەی هەواڵەکەوە وتی: "ناڵێم پووچەڵمکردووەتەوە."
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئێران، ترەمپ وتی: "پەلەم نییە، چونکە پێموایە ئێران دەرفەتێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی مەزن. ئەوە بژاردەی یەکەممە. ئەگەر بژاردەی دوەم هەبێت، پێموایە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێیوایە ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بکات، وتیشی: "هیوادارم بیانەوێت گفتوگۆ بکەن."
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاگەدار کردووەتەوە، کە پشتیوانی هیچ کردەیەکی سەربازی و هێرشێک بۆ سەر ئێران یان دامەرزاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵات ناکات. ڕاشیگەیاندووە، لەم قۆناغەدا وازی لەم بژاردەیە هێناوە.