گەڕی دوەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا کۆتایی هات

گەڕی دوەمی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتایی هات و بریاریشە لە ڕۆژانی داهاتو گەڕی سییەمی ئەو دانوستانانە بەڕێوەبچێت


گەڕی دوەمی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریكا، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتایی هات، شاندی ئێرانی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریكا لەلایەن ستیڤ ویتكۆف نێردەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكایەتی کرا و بە گوێرەی میدیای ئێرانی دانوستانەکان لە کەشیکی ئەرێنیدا بەرێوەچووە.

بە گوێرەی وۆل ستریت ژورناڵ شاندی ئێرانی لە دانوستانەکەدا پێداگری لەسەر جۆرێک لە گەرەنتی لەلایەن ئەمریکاوە کردوە بۆ ئەوەی سەرۆکی داهاتوی ئەو وڵاتە لە ڕیکەوتنەکە نەکشێتەوە.

هاوکات بلۆمبێرگ دەڵێت" ئەمریکا رازی بوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەیەکی سنوردار لە ئێران، بەلام هاوکات داوای کردوە کە تاران مۆڵەت بە پشکەنەرەکانی ئەمریکا بدات کە بتوانن بەردەوام چاودێری ناوەندە ئەتۆمیەکانی ئێران بکەن".

بەشێک لە میدیاکانی ئێران دەڵێن، دانوستانەکان شەممەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە..



PM:05:00:19/04/2025