وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دەرەنجامەکان یان چاوەڕوانی ئەرێنی پێشوەختە لەبارەی دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ ئەمریکا تایبەت بە پرسی ئەتۆمی هۆشداری دەدات و دەڵێت" هێشتا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی یان نەرێنی نییە".
ڕۆژنامەی عیتەمەدی ئێرانی لە زاری عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران نووسیویەتی" لەم قۆناغەدا هیچ نیشانەیەکی گەشبینی یان ڕەشبینی نییە".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە" تاران ڕێبازێکی وردە وردە بۆ دیالۆگ دەگرێتەبەر".
ڕۆژنامەکە لە زاری عێراقچی ڕاشیگەیاندووە" هەر ئەنجامێکی بەرجەستە تەنها لە خولەکانی دواتری دانوستانەکاندا سەرهەڵدەدات".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دانوستانە تەکنیکییەکان دەستپێبکەنەوە، دواتر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا خولی سێیەمی سیاسی بەڕێوەبچێت. بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان کە هەردووکیان لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن.
ئەم لێدوانەی عێراقچی دوای قۆناغی دووەمی دانوستانەکان هات کە دوێنێ شەممە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو و لەوێ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کۆبووەوە.