ئەمریکا بەهای ١٠٠ ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازی بە سعودییە دەفرۆشێت

ئەمریکا پاکێجێکی گەورەی سەربازی بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ سعودیە ئامادە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە واژۆی لەسەر دەکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، ئەمریکا بەنیازە پاکێجی گەورەی سەربازی بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار هەناردەی سعودیە بکات.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە ئەو پاکێجە لە کاتی سەردانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ سعودیە کە بڕیارە لە مانگی داهاتو ئەنجام بدرێت واژۆی لەسەر دەکرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پێدەچێت کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لەوانەش کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی سەربازی و موشەک و ڕادار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا چالاکن، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم پاکێجەدا بگێڕن.

دۆناڵد ترەمپ لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ی ئایار لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمریکا سەردانی  سعودیە دەکات .



AM:10:33:25/04/2025