سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی یاخود سەرۆک کۆماری ئێران دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کۆڤای تایمدا ڕایگەیاند" ئامادەیە لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی یاخود مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێراندا کۆبێتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و تاران دانوستانیان دەربارەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێکردووە و بڕیارە سبەینێش گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
ترەمپ جەختیشکردەوە کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیکردەوە ئیسرائیل بۆ جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕایبکێشێت.