وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" خولی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر جددیتر بوون لە خولەکانی پێشووتر".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاند" هێشتا جیاوازی لە نێوان هەردوولادا هەیە، گفتوگۆکانی داهاتووش لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە وریاییەوە گەشبینە بە ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سوڵتانییەتی عومان لە ئایندەیەکی نزیکدا شوێنی گەڕی چوارەمی دانوستانەکان ڕادەگەیەنێت.
عێراقچی درێژەی بە قسەکانیدا و وتی" گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو پێشووتر جددیتر بوون، ئێمە قوڵ بووینەوە لە وردەکارییەکان و پرسە تەکنیکییەکان، کەشوهەوای دانوستانەکان جددی و کردەیی بوون و لە بابەتی گشتی دوورکەوتینەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان هەردوولادا هەبووە لەسەر پرسە گەورەکان و هەروەها وردەکاری وردتر، هەروەها گفتوگۆکان بەردەوام و بنیاتنەر بوون.
عەباس عێراقچی دەشڵێت" ناکۆکی لە نێوان هەردوولادا هەیە لەسەر پرسە گەورەکان و وردەکارییەکان، ڕەنگە ڕۆژی شەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکان ئەنجامبدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم خولەدا چەند جارێک بە نوسراو هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.