کۆمپانیایەکی ئەمنیەتی دەریایی بەریتانی کە ناوی ( ئامبری)یە ، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرای کرد، ئەو تەقینەوەیەی لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە بەندەر عەباس لە باشووری ئێران ڕوویدا، بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بارێکی سووتەمەنی ڕەق بووە کە بەکاردێت بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی.
بەپێی ئامارێکی نوێی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی، لە تەقینەوەکەی گەورەترین بەندەری بازرگانی ئێران بەندەر عەباس، ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی هەزار کەسیش برینداربوون.
تەقینەوەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئێران و ئەمریکا خولی سێیەمی دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ئەنجام دەدا.
بەندەری شەهید ڕەجایی دەکەوێتە شاری بەندەر عەباس کە یەکێکە لە ناوچە گرنگە ئابوورییەکانی ئێران و زیاتر لە یەک لەسەر سێی بازرگانی دەریایی ئێران لەو بەندەرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.