ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: تاران و واشنتۆن لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و موشەکی بالیستی ناکۆکن

میدیایەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بێ ئەنجام کۆتایی هاتوە، دەشڵێت" پرسی مۆڵەتدانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و بابەتی موشەکی دو بابەتی جێگەی ناکۆکی تاران و واشنتۆنە".

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، گەری سییەمی دانوستانەکانی نیوان ئێران و واشنتۆن بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بەبێ ئەنجامێکی دیاریکراو کۆتایی هاتوە.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات، دو پرسی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران و خستنەڕوی بەرنامەی موشەکی ئەو وڵاتە لە دانوستانەکاندا بابەتی ناکۆکی نێوان هەر دو لایەن بوە، ئەگەرچی بە گوێرەی رۆژنامەکە تاران و واشنتۆن پابەندی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە راگەیاندوە.

لای خۆشییەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوابەدوای گەری سێیەمی دانوستانەکان بە میدیاکانی راگەیاند" گفتوگۆی جدی کراوە لەسەر بابەتەکان، بەلام بە هۆی ئەوەی پرسەکان ئاڵۆزن گەیشتین بە ڕێکەوتن لە ماوەیەکی کەمدا ئاستەمە"...



PM:04:42:27/04/2025