سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشیکردە سەر فەلەستینییەکان، ئێران و حزبوڵای لوبنان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتەکەی سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان بە هێزێکی تەواوەوە بەردەوام دەبێت لە شەڕی ناوچەکە.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" ئیسرائیل ڕێڕەوی فیلادلفیی کۆنترۆڵکردوە کە یارمەتیدەر بووە بۆ گەمارۆدانی کەرتی غەززە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەک".
وتیشی" دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بیرۆکەیەکی گاڵتەجاڕانەیە، فەلەستینییەکان نایانەوێت دەوڵەتێک شانبەشانی ئیسرائیل دابمەزرێنن، بەڵکو هەوڵدەدەن دەوڵەتێک لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا دابمەزرێنن".
سەبارەت بە پرسی ئێران، نەتانیاهۆ وتی" رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە ئێمەی دڵخۆش کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ئێران بوونەتەوە بۆ ئەوەی جیهانی عەرەبی لە دژی ئێمە بگۆڕن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران" پابەندە بە لەناوبردنی ئیسرائیل، چونکە تاکە بەربەستە لە بەردەم کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ناوبراو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و وتی" ئێمە ئەتۆمییەکان و دامەزراوەکانی پیتاندن لەناو دەبەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە ناتوانن دەست بە بەرنامەکەیان بکەنەوە، تەنانەت لە ژێر هیچ ئیدارەیەکی دیکەی ئەمریکاشدا".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" ئێمە یەکلاییکردنەوەی پرسی ئەتۆمی ئێران قبوڵ ناکەین جگە لە ڕێگەی میتۆدی لیبیا".
سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبوڵای لوبنان، نەتانیاهۆ وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ئێمە بە تەقاندنەوەی پەیجەرەکان شۆکێکی ترسناکمان بۆیان دروستکرد، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەو چەک و مووشەکانەمان لەناوبرد کە ئەو حزبە ماوەی ٣٠ ساڵە ئامادەکاری دەکرد".
سەبارەت بە کوژران حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی پێشووی حزبوڵڵا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" هەندێک کەس جێگرەوەیان نییە و نەسروڵڵاش یەکێکە لەوانە، ئێمەش کوشتمان".