ژمارەی کوژراوەکانی بەندەری شەهید ڕەجایی گەیشتوەتە ٤٠ کەس

پارێزگاری هورموزگانی ئێران ئاشکرای کرد کە ژمارەی کوژراوەکانی روداوی تەقینەوەی بەشێک لەبەندەری شەهید رەجایی گەیشتوەتە ٤٠ کەس دەشڵێت، نزیکەی ٢٠٠ کەس لە بریندارەکانی روداوەکە لە نەخۆشخانە ماوەنەتەوە

محەممەد ئاشوری پارێزگاری هورمزگانی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەرعەباس   گەیشتوەتە ٤٠ کەس. 

ئاشوری رونیشیکردەوە لەم ڕووداوەدا زیاتر لە هەزار کەس بریندار بون کە لە ئێستادا ١٩٤ کەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و ئەوانی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بەشێک لەو تەرمانەی کە بە سەختی سوتێنراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوای تێپەربونی دوو رۆژ لە روداوی تەقینەوە لە بەشێک لە کۆگاکانی بەندەری شەهید رەجایی تا ئێستا لە لایەن حکومەتەوە زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری رودانی روداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.



AM:09:28:28/04/2025