جێگری سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دەستپێکردنی جەنگی ئەتۆمی دەدات

جێگری سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامەكانی بەردەوامبونی جەنگی ئۆكرانیا و دەڵێت"پێدەچێت بگۆڕێت بۆ جەنگی ئەتۆمی".

جەی دیڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رایگەیاند، زۆرێك لە میدیا گەورەكان بیرۆكەیەكی نامۆیان هەیە و پێیانوایە ئەگەر جەنگ بۆماوەی چەند ساڵێکی دیکە بەردەوام بێت، ئەوا ڕوسیا دەڕوخێت و ئۆكرانیا هەموو ناوچە داگیركراوەكانی بەدەست دەهێنێتەوە و هەموو شتێك دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، بەڵام ئەوە ئەو واقیعە نییە و بەردەوامبونی ئەو جەنگە دەرەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.

وتیشی"بەردەوامبونی جەنگی ئۆكرانیا دەرئەنجامی كارەستباری لێدەكەوێتەوە لەوانە هەرەسهێنانی كۆمەڵگاكان و گۆڕینی بۆ جەنگی ئەتۆمی".

جێگری سەرۆكی ئەمریکا جەختی كردەوە لەوەی سیاسەتی فەرمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بریتیە لە كۆتایی هێنان بە جەنگ و سەرۆكی ئەمریكا ئەركەكانی بۆ تیمەكەی دیاریكردوە ئەویش كۆتایی هێنانە بەجەنگی ئۆكرانیا بەهەمو ئەو هەوڵانەی لەبەردەستدایە.




AM:12:06:30/04/2025