بەرامبەر ئیسرائیل، سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیری بکەن


سەرۆکایەتی سوریا لە راگەیاندنێکدا لە دژی ئیسرائیل، ئیدانەی هێرشەكە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سازش لە سەروەریی و ئاسایشی سوریا ناكەن و داکۆکی لە "مافەكانی گەلەكەمان" دەكەن.

لە راگەیاندنەکەدا کە رۆژی هەینی ٢ ی ئایار بڵاوکرایەوە "بۆردومانکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵکشانێکی مەترسیدارە دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەروەرییەکەی و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی سوریا پێچەوانەی هەنگاوەکانە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی وڵات".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "ئەم دەستدرێژییە دەکەوێتە چوارچێوەی بە ئامانجگرتنی بە مەبەست کە هەوڵدەدات وڵاتەکە تێکبدات و قەیرانە ئەمنییەکان توندتر بکاتەوە و ئاسایشی نیشتمانی و یەکگرتویی گەلی سوریا بکاتە ئامانج".

بەگوێرەی ڕاگەیەدراوەكە، سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان دەکات، هێرشە سیستماتیک و دوبارەبوەکانی ئیسرائیل ڕابگرن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" وڵاتەكەی هێرشیکردوەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق و بەڵێنەکەی بۆ پاراستنی دروزەکان لە سوریا دوپاتکردەوە".
 




PM:06:37:02/05/2025