ئاکسیۆس: ترەمپ بە نیازە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕایدەگەیەنێت" دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ئامانجی خۆی لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە هیچی کەمتر لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران قبوڵ ناکات". 

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە" دواجار سەرۆکی ئەمریکا، دوای مشتومڕ لەناو ئیدارەی ئەمریکا، ئامانجی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران دیاریکردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە هیچ شتێکی کەمتر لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران قبوڵ ناکات و دەیەوێت ئێرانێکی گەورە بە بێ چەکی ئەتۆمی ببینێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانەکانی ترەمپ دژبەیەک بوون دوای ئەوەی هەروەها ڕایگەیاند کە" وڵات کراوەیە بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامەیەکی ئاشتیانەی ئەتۆمی لە ژێر بارودۆخی ئەمریکی و نێودەوڵەتیدا". 

ڕوونیشیکردەوە، فشارێکی زۆر دەکرێت بۆ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە هەڵبوەشێننەوە.

دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دوای خولی سێیەم وەستان، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دانوستانەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراون.



PM:11:05:04/05/2025