کچەکەی سری سورەییا ئۆندەر بۆ باوکی: لە ئاسمانیشدا شانازیت پێوەدەکەم

لە كاتی ڕێوڕەسمی بەڕێكردنی تەرمی سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی، جەران ئۆندەر تاكەكچی، نامەیەک بۆ باوەکی دەخوێنێتەوە و دەڵێت" باوکە لە ئاسمانیشدا شانازیت پێوە دەكەم باوكە."

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەی جەرانە بۆ باوكی:

هەركاتێك بمویستایە شتێك بنووسم، تەلەفۆنم بۆ باوكم دەكرد و بە دەنگ بۆیم دەخوێندەوە، من و باوكم یەك كەس بوین، وەك بڵێی من ئەوم دەخوێندەوە و ئەویش منی دەخوێندەوە، كاتێك ئەو شتێكی دەگوت یان دەخوێندەوە، هەڵەكانیم دەبینی؛ هەفتەی ڕابردوو نامەیەكم بۆی نووسی، دەمەوێت ئەو نامەیەتان بۆ بخوێنمەوە.

ئێستا ئەو نامەیە بە دەنگ دەخوێنمەوە، چونكە دەزانم باوكە تۆ گوێت لێمە. باوكە ژیان هەموو رەنگەكانی كاڵ بوونەوە، ئەو ژیانەی من دەمناسی كۆتایی هات، ئێستا ژیانێكی تازە دەست پێدەكات، ژیانێكی پڕ لە ترس و نادیاری، ئەوەی پێشتر لەتۆوە گوێم لێ نەبووە، ئیتر ئەوەم لە دەست دا كە لەتۆوە چیدی گوێم لێ بێت.

لەو ڕۆژەوەی خۆم ناسیوە، ترسم لە لەدەستدانت هەبووە! ئەمەش تاكە مۆتەكە و لاوازیی من بووە. گرێیەك لە قوڕگمدایە، ئازاری گیانم دەدات، هەموو جار دەمگوت: ئەو پیاوە تەنیا بە مردن دەتوانێت ئازارم بدات!

ئەو شەوانەی كە كەمانچەت دەژەنی و دەنگی عودەكەتم دەبیست، ئەو شیعرانەی كە لەبەرم كردبوون و ڕۆژانە پێنج جار دەمگوتنەوە، هەموو جارێكیش وام دەزانی تازە یەكمان بینیوە، ئەو قاوانەی بە چێژەوە دەمانخواردنەوە، وەكوو ئەوە وابوون لە یەكەم بینیندا دەیانخۆینەوە. تۆ دڵی هیچ كەسێكت ئازار نەدا، لە باشبوونتدا سڵت نەدەكردەوە و هێزی خۆشت بەسەر كەسدا نەسەپاند، سڵت لەوە دەكردەوە دڵی كەسێك، یان شكۆی كەسێك بشكێنیت..

باوكە، دڵم بشكایە پەیوەندیم پێوە دەكردیت، هەڵامەتم بگرتایە زەنگم بۆت لێدەدا، دەمگوت كۆكەم تەواو نابێت، دەمگوت باوكە پشیلەكەم مرد، باوكە عاشق بوومە، باوكە خەوم لێ زڕاوە.

خۆشەویستییت بەشی منداڵەكانیشم دەكات، زۆر لە باوكایەتیی تۆ تێر بووم، تاوەكوو ئێستا ئەوەی داوتە تەنیا بۆ من نەبووە، بەڵكوو بۆ كوڕەكەشم بووە.. بە جۆرێك تێرت كردم لە باوكایەتی، كە هیچ پێویستیم بە باوك نەبێت، بەڵام لە هاوڕێیەتییت تێر نەبووم، كەس هەیە لە هاوڕێیەتیی ئەم باوكە تێر بێت؟

بەڵام دەمەوێت لێشت توڕە بم، چونکە تۆ تەنیا ئاگاداری خۆت نەبوویت، بەڵام ناشتوانم تووڕە بم، لەبەر ئەو نامەیەی کە لە زیندانی کەندێراوە بۆ منت ڕەوانە كردبوو؛ تۆ گوتت: "تۆ باوکێکت نییە ڕێنماییت بکات لە ڕێگاکەتدا، ئامانجی تایبەت بە خۆت نییە، بەڵام هەمیشە ویستت لەگەڵم بیت". من نەمدەویست ئێستا ناچار بیت بڕۆی. تۆ گوتت: لەوانەی دژایەتییت دەکەن، لە هەژاری و بێپارەیی توڕە مەبە.
لە لەدایكبوونتەوە تەمەنت لە هەژاری و مەینەتیدا بەڕێ كرد، ئەی ئەو ڕقەت لە كوێ شاردەوە؟ من هیچم نەبینی، رەنگە لەناو دڵتدا مابێتەوە.

بەبێ ئەوەی هیچ موڵكێكت هەبێت، بێ ئەوەی كراسێكی نوێ بكرێ، بێ ئەوەی داوای هیچ شتێك لە كەس بكەیت، بێ قەرز و خەرجی، بە شەرەفی خۆتەوە خۆت تێر كرد و بەجێت هێشتین.

باوكە كە تۆ ئەم دونایەت بەجێ هێشت، كەمێك خۆشەویستییت بۆ جان و یاسین هەر جێ هێشت، بەڵام هەموو ڕەنگەكانت لەگەڵ خۆت برد.
من بە جۆرێك خۆشەویستییم پێ بەخشیت كە تێر بیت، هەموو رۆژێك خۆشەویستیی خۆمم بۆ دەردەبڕی و كە گوێت لێ دەبوو، بۆنم دەكردی، ئێستاش هەموو رەنگەكانی من بۆ تۆ بێت، تۆش لەوێ لەگەڵ دۆستەكانت پێك شاد بنەوە.

ئیدی ئارام بە و ئێمە باش دەبین و هەر باسی تۆ بۆ منداڵەكانمان دەكەین، ئێمە لاسایی ئەو نوكتە و قسەخۆشانەی تۆ دەكەینەوە. ئێستا خەمێك لەناو دڵمدا پەنگی خواردووەتەوە، كە ناتوانم پێناسەی بكەم، ئیدی ناچار نیت لە كۆشش بەردەوام بیت.
لە ڕۆژە کۆتاییەکان کە تۆمان بینی، تۆ كیسەیەكت پێمان دا، کە پرتەقاڵ و قتوویەک هێلکەی تێدا بوو، هەمیشە لە گیرفاتندا بۆ جان لالەنگی و لە گیرفانەکەی دیکەشتدا کەرەی فستەق هەبوو، هەرگیز هەنگوینی ناو قوتووەكەم بیر ناچێت، هەرگیز ئەو خۆشەویستییە تایبەتەتم بیر ناچێتەوە.

دواڕۆژ كە تۆم بەپێوە بینی و بەر لەوەی سواری ئۆتۆمبێل بیت، دواڕستەت پێگوتم، كە ئێستاش لە گوێمدا دەزرینگێتەوە "تا ئاهەنگی هاوسەرگیریی جان نەبینم ناڕۆم" بەڵام هیچ بەڵێنێك نەبووە دابێتت و بەجێت نەگەیاندبێت، جگە لەم ڕۆیشتنەت.
دەتویست ئاشتی ببینیت، دڵت پارچەپارچە دەبوو، كە منداڵێك بێ دایك دەبوو، هیچ دەمت بە شیر نەدەسووتا.

نازانم ئەمە ئاهەنگی ئاشتی بوو؟ لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەكە، هەموو كەسێك ئامادە بوون، ئەوان سەر بە هیچ نەژادێك نەبوون، ئەوانەی خەمبارت بوون بێئاڵا بوون، قەرەباڵغییەكم بینی كە لە ئاشتی دەچوو، تۆ ڕوانینت بۆ دواوە و بیرت لای ئێمە نەبێت، لەگەڵ ئەو چیرۆكانەی بە دەنگە خۆشەكەی خۆت بۆت دەخوێندمەوە، دەزانم باران دووبارە ڕووە و خوارەوە نابارێت، شوێنەوار و ئازاری ئەم چەقۆیەت دەبڕێتەوە و هیچ ڕەشەبایەكیش ناتوانێت ئەو شوێنانە پڕ بكاتەوە كە بۆش بووە.
لەم ژیانەوە بۆ ژیانێكی دیكە پێكەوە بفڕن.
لە ئاسمانیشدا شانازیت پێوە دەكەم باوكە.



AM:09:44:05/05/2025