لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی دوو هێزە ئەتۆمیەکەی هیندستان‌و پاكستان چەندان کەس کوژران

گرژیی و پێکدادانی نێوان هیندستان و پاکستان کە دووهێزی ئەتۆمین بەردەوامە و، هەردوولا ئاماری جیاواز لەسەر هێرشی مووشەکی هیندستان بۆ سەر پاکستان و بە تایبەتی ناوچەی کشمیر بڵاودەکەنەوە.

بەرپرسێکی هیندستان ڕایگەیاند" بەهۆی تۆپبارانەکانی پاکستان بۆ سەر بەشی هیندستانی کشمیر، حەوت کەس کوژراون و ٣٥ کەسیش برینداربوون". 

ئەوەشی خستەڕوو، سێ فڕۆکەی جەنگی هیندستان بە هۆکارێکی نادیار لەسەر خاکی هیندستان کەوتوونەتە خوارەوە.

هاوکات لای خۆشییەوە ئەحمەد شەریف وتەبێژی سوپای پاکستان ڕایگەیاندووە" لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆ سەر شەش شوێن لانیکەم ٢٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٤٦ کەسیش برینداربوون". 

دەشڵێت" هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێین بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی و سەروەری پاکستان". 

هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە دوو شەڕیان لەسەر خاکی کشمیر کردووە کە لە ئێستادا هەر بەشێکی لە ژێر دەستی یەکێک لەو وڵاتانەدایە.



PM:12:16:07/05/2025