عێراقچی داوای دانیشتنی راستەوخۆی لە نوێنەری ئەمریکا کردووە

بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان ئێران و ئەمریکا لە نێوەندگیری عومان ناڕازین و بڕیارە وڵاتێکی تر هەڵبژێرن و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران داوای دانیشتنی راستەوخۆی لە نوێنەری ئەمریکا کردووە.

پێگەی هەواڵی (وای نێت) بڵاویکردەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی پەیوەندی بە ستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندا کردووە و داوای دانوستانی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان کردووە.

(وای نێت) هۆکاری بڕیارەکەی تارانی بۆ ناڕازیبوون لە نێوەندگیریی عومان لە دانوستەکان گەڕاندەوەتەوە.

سایتەکە نووسیویەتی ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ نەکرێت، ئەوە نەرویچ وەک وڵاتێکی تر بۆ نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا هەڵدەبژێردرێت.

خولەکانی پێشووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری حکومەتی عومان بووە.

عەلی خامنەیی کە پێشتر دانوستانەکانی لەگەڵ ترەمپ بە "نامرۆڤانە" و "بێ عەقلی" ناوبردبوو، پاشەکشەی لە هەڵوێستەکەی کردووە و ڕازی بووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.

 خامنەیی و ترەمپ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بەو دانوستانە ڕاستەوخۆانەی تا ئێستا ڕوویانداوە، بەڵام ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر دانوستانەکان شکست ببهێنێت، پەنا بۆ هێزی سەربازی دەبات.




PM:05:15:07/05/2025