ڕوانگەی سوریی: لە ٤٨ کاتژمێردا لە سوریا لانیکەم ٣٠ کەس کوژراون

ڕوانگەی سوریی بڵاوی کردەوە، لە ٤٨ کاتژمێردا لانیکەم ٣٠ کەس لە چەند ڕوداوێکی جیاوازدا لە سوریا، کوژراون کە بەشێکیان بە تەقەی ڕاستۆوخۆی هێزە ئەمنیەکانی حکومەت بووە.

ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند" لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣٠ کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکان کوژراون".

ڕوانگەی سوریی ئاماژەی بەوەش داوە، لە شارۆچکەی ئەشرەفیەی سەر بە سەحنا شەڕ لە نێوان دروزیەکان و هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی سوریا دروست بوە و بەوهۆیەشەوە دو ئەندامی هێزەکانی سوریا و پێنج چەکداری دروزیەکان کوژراون و هەروەها شەش چەکداری دروزیەکانیش کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە بۆسەیەکی هیزەکانی حکومەتی سوریا بریندار ببون، گیانیان لەدەستداوە. 

بەپێی ڕوانگەی سوریی، ڕۆژی شەشی ئەم مانگە چوار کەس لە پارێزگای لازقیە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشقەوە کوژران و هەروەها پارێزگای حومس، بەهۆی هێرشی کۆمەڵێک چەکداری سەر بە حکومەت گەنجێک بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا. 

ئاماژە بەوەش کراوە، ١٢ کەسی دیکەش بەهۆی هێرشی چەکدارانی نەناسراوی و تەقینەوەی پاشماوەی شەڕ کوژراون.




PM:09:44:08/05/2025