وەزیری دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن دەدات

میدیاکی ئەمریکی ناوەندێکی ئەتۆمی نەهێنی ئێران ئاشکرا دەکات و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، ئیسرائیل لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە بۆ تێکدانی دانوستانەکانی لەگەل ئەمریکا تۆمەتبار دەکات.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بەپشت بەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد، ناوەندێکی ئەتۆمی رانەگەیەندراوی ئێرانی ئاشکرا کرد کە تاران تا ئێستا لەبارەی ئەو شوێنەوە زانیاری بڵاونەکردوەتەوە و بوونی ئەو شوێنەی بە ئاگاداری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەگەیاندوە.

فۆکس نیوز رونیشیدەکاتەوە، ئەو  ناوەندە ئەتۆمییە لە پارێزگای سمنانی ئێرانە و بۆ  ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە تێیدا تریتیۆم دەردەهێندرێت کە  لە پرۆسەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی  بەکاردەهێندرێت.

ئەو هەواڵە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئێرانی بەدوادا هات و لای خۆیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەواڵەکەی رەتکردەوە.

عێراقچی جەختیشی کردەوە لەوەی، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەوە هەوڵ دەدات دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تێکبدات.



AM:11:43:09/05/2025