ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٥، بەنێوەندگیریی عومان، گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت. پێشتر هەردوولا رایانگەیاندووە لەو گفتوگۆیانە بەرەوپێشچوون هەبووە، بەڵام هێشتا ناکۆکی هەیە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
تاران دەڵێت ئەو بەرنامەیەیان "گفتوگۆ هەڵناگرێت" و نێردەی ئەمریکاش لەو گفتوگۆیانە دەڵێت ئەو پرسە "هێڵی سوورە."
بڕیاربوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان، لە ٣ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچن، بەڵام دواخرا و بەرپرسانی عومانیش هۆکاری دواخستنی گفتوگۆکان بۆ کێشەی لۆجیستی گەڕاندەوە.
گفتوگۆکانی ئەو دوو وڵاتە لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند" پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە ٦٠٪، ئەمەش لەکاتێکدایە، دروستکردانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە ٩٠٪ی یۆرانیۆمی پیتێندراوە، پسپۆڕانی ئەو بوارەش هۆشداریان داوە بەوەی بۆ گەیشتن بەو رێژەیە، ماوەیەکی کەمت پێویستە".
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و سەرپەرشتیاری شاندی واشنتن لەو کۆبوونەوانە، رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "دەبێت بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببرێن، ئەوە هێلی سوورە، نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت."