جەهەپە: ئاشتی ویست‌و ئاواتی هاوبەشمانە


لە بارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندەنەوەی پەکەکە، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند''کۆتاییهاتنی تیرۆری ٤٧ ساڵە و وەستانی خوێن بۆ هەتاهەتایی، ویست و ئاواتی هاوبەشمانە، پاڵپشتی لە ئاشتی دەکەین''. هەروەها داوای ئازادکردنی ئیمام ئۆغلو و دەمیرتاش و یوکسەنداخ دەکات.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ١٢ ی ئایار لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس  رایگەیاند ''ئێمە وەک جەهەپە پاڵپشتی لە ئاشتی دەکەین. هەمیشە لە دژی تیرۆر و تووندوتیژی وەستاوینەتەوە، لەمەودواش بە هەمان هەڵوێست بەردەوام دەبین''.
 
ئۆزەل جەختی لەوە دەکاتەوە " نابێت پرۆسەی چارەسەری بۆ هیچ جۆرە بەرژەوەندیێکی بەکاربهێندرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت ''چاوەڕێین قۆناخەکانی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەن. چاوەڕێین، تیرۆر کە زیانی زۆری گیانی و ئابووری لە وڵاتەکەمان داوە، بە تەواوی بنبڕ بکرێت''.
 
" پرسی کورد لەڕێگەی بەرقەرارکردنی دیموکراسی و دادپەروەری لە تورکیا چارەسەر دەکرێت" لە میانەی قسەکانید وتیشی ''ئاشتیی نێوخۆ، لە وڵاتاندا لەڕێی سیستەمێکی یاسایی و دیموکراسیدا چارەسەر دەکرێت، نەوەک سیستەمێکی خۆسەپێن''.
 
جەهەپە پێوایە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت حکومەتی تورکیا کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ سەر شارەوانییەکانی دەم پارتی بهێنێت. 
 
ئۆزەل وەک هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن.




PM:11:11:12/05/2025