سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودیە ڕێککەوتنێکی "هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژی”یان لە ڕیاز واژۆ کرد، بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت" ڕێككەوتنەكە، بوارەكانی ئاسایشی وزە و پیشەسازی بەرگری و تەكنەلۆژیا و ژێرخان و كانزاكان دەگرێتەوە."
بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٣ی ئایار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە سعودیە و دواتر لە کۆبوونەوە لەگەل محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ڕێککەوتنێکی "هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژی”یان واژۆ کرد.
لای خۆشییەوە كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، ڕێككەوتنەكە، بوارەكانی "ئاسایشی وزە و پیشەسازی بەرگری و تەكنەلۆژیا و ژێرخان و كانزاكان” دەگرێتەوە.
ئاشكراشی كرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە، سعودیە بە بەهای ٦٠٠ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریكا دەكات.
دەشڵێت" ڕێككەوتنەكە دەستپێكی سەردەمێكی زێرینی هاوبەشییە لەنێوان ئەمریكا و سعودیە".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژی رابردووەوە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپیکردووە و بڕیاریشە لە گەشتەکەیدا جگە لە سعودیە سەردانی وڵاتانی قەتەر و ئیماراتیش بکات.