ترەمپ رێککەوتنێک لەگەڵ چین ئاشکرا دەکات

سەرۆكی ئەمریكا سەردانەكەی بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە سعودیەوە بە ڕێككەوتنێكی" هاوبەشی ئابووری ستراتیجی" بە بەهای ٦٠٠ ملیار دۆلار دەستپێكرد و دەچێتە قەتەر و ئیمارات و دەشڵێت" لەگەڵ چین ڕێككەوتووین".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕیاز لە وتارێكدا ڕایگەیاند" پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیە لە ئاستێکی زۆر باشدایە و لە ٨ ساڵی ڕابردوودا زۆر گەشەی كردووە"".

ڕاشیگەیاند" لەو چەند مانگەی ڕابردوودا زۆرترین دەستکەوتمان هەبووە، زۆرترین خەڵک لە چەند مانگی ڕابردوو هاتوونەتە ڕیزی سووپا و چوار هەزار هەلیکارمان ڕەخساندووە".

وتیشی" ناومان لە کەنداوی مەکسیک گۆڕی بۆ کەنداوی ئەمریکا".

دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و بەریتانیا، ئاشكرای كرد، لەگەڵ چین گەیشتووینەتە ڕێکكەوتن و پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەو باشی دەڕۆن، لەگەڵ بەریتانیاش پەیوەندییەکانمان ئاسایی بوونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، وەبەرهێنان لە ئەمریکا زۆر زیادیکردووە، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ١٠ ترلیۆن دۆلار زیادیکردووە و کۆمپانیاکان ڕژاونەتە ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا، جەختیشی كردەوە، داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەکات.

ترەمپ لە وتەكانیدا هۆشداری دایە ئێران لە شكستهێنانی گفتوگۆكانی بەرنامەی ئەتۆمی و وتی، " دەرفەتی ئێمە بۆ ئێران هەمیشەیی نییە و ڕێگە نادەین ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی".

ئاشكراشی كرد، ئیدارەكەم كار دەكات بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا و وتیشی" لابردنی سزاكان لەسەر سوورییەكان سوودی زۆری دەبێت، بۆیە سعودییەكان بەختی باشیان هەیە بۆ هەوڵدانیان لە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان، چونكە سعودیە من بە سەنتەری ئاشتی جیهانی دەبینم و ناوەندی جیهانی پیرۆزییەكانە".

گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕۆژ دەخایەنێت و دوای سعودیە، سبەینێ چوار شەممە دەچێتە قەتەر و پێنج شەممەش سەردانی ئیمارات دەکات.



PM:07:40:13/05/2025