سەرۆکی ئەمریکا لە سعودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع دەکەوێت

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا لە سعودیە دەستپێکرد، دوای ئەوەی واشنتۆن هەموو سزاکانی سەر دیمەشق هەڵدەگرێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ لە سعودیە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سوریا کۆبوونەوە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە" ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوەی ئۆنڵاین لەگەڵ ترەمپ و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە". 

سەرەڕای نیگەرانییەکانی ناو ئیدارەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پێشووی سەرکردەکانی سوریا لەگەڵ قاعیدە، ترەمپ دوێنێ سێشەممە لە میانی وتارێکیدا لە ڕیاز ڕایگەیاند کە" لە گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسەتدا سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی نوێیان پێبدرێت". 

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا لە لوتکەی کەنداوی عەرەبی لە ڕیاز ڕایگەیاند" ئێمە بەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریاداین". 

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد کە" دەمەوێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، بەڵام دەبێت واز لە پشتیوانیکردنی تیرۆر بێنێت، چونکە ئیدارەی بایدن بە ڕێگەدان بە دەستدرێژی لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە پشێوی لە ناوچەکەدا دروستکردووە".



AM:11:50:14/05/2025