راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشووی ئەمریکا، لابردنی سزاکانی سوریا لەلایەن ئەمریکا بە بڕیارێکی بەپەلە و خێرا دەزانێت و دەڵێت" تا ئێستا محەمەد جۆلانی هەنگاوی نەناوەتەوە بۆ سرینەوەی پێشینەی تیرۆریستبوونەکەی".
جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند" لابردنی سزاکانی سوریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی بەپەلە بووە، چونکە تا ئێستا هەنگاوی نەناوەتەوە بۆ ئەوە جیهان دڵنیا کاتەوە کە چیدیدکە تیرۆریست نییە".
بۆڵتۆن وتیشی" خۆشحاڵم کە محەمەد جۆلانی دژە ئێرانە، ئەمە نەرێنییەکی گەورەیە بۆ ئێران و دەبێت سوود لەوە وەربگرین، ترەمپ داوای لە جۆلانی کرد هەوڵی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەبراهام بدات بۆ ناساندنی ئیسرائیل و هەنگاوی دیکە لە دژی تیرۆریستان بنێت، بەڵام ئەوە بەس نییە، پێویستە داوای زیاتر بکەین، و دەبێت جۆلانی بیسەلمێنێت کە بەراستی گۆردراوە، لە کاتێکدا ترەمپ تەنها داوای ئەو دوو هەنگاوەی لێکردووە".
بۆڵتن ئاماژەی بەوەدا کە "ڕەنگە شتێک لە پشت پەردەوە ڕوویدابێت کە ئێمە نایزانین، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بەنیاز بێت سزاکانی سەر حکومەتی سوریا هەڵبگرێت، ئەوا پێویستە لانیکەم سوریا پابەند بێت بەوەی نەک تەنها بەرەنگاری تیرۆر یان دانپیدانان بە ئیسرائیلدا بێت، بەڵکوو هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و تەواو پێشکەش بکات بۆ ئەوەی کە ڕژێمی ئەسەد چی لەگەڵ بارمتە ئەمریکییەکان و بارمتە بیانییەکانی دیکەدا کردووە".
وتیشی "پێویستە سوریا دامەزراوەکانیان بەڕووی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا یان نێودەوڵەتیدا بکەنەوە بۆ پشکنینی چەکی کیمیایی و هەوڵەکانی چەکی بایۆلۆجی ، بۆ ئەوەی دڵنیابن هیچ کام لەمانە بەردەوام نین".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشووی ئەمریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە پابەند بن بە ڕێگریکردن لە تورکەکان لە کاریگەری نارەوا لە باکووری سوریا و ڕاشکاوانە دەبێت ڕووسەکان لە بنکەی دەریایی تەرتووس و بنکەی ئاسمانی نزیک لە پارێزگای لازقیە دەربکەن، ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێ بکەن، ئەوا دەتوانین سزاکانی سەریان هەڵبگیرێن، بەڵام ئێستا نا".