ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت کە دۆناڵد ترەمپ درۆ دەکات و دەسەڵاتەکەی بۆ کۆمەڵکوژی لە غەززە بەکاردەهێنێت، وتیشی"ئەمریکا ناچار دەبێت ناوچەکە جێبهێڵێت".
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان رایگەیاند" مۆدێلی ترەمپ بۆ وڵاتانی عەرەبی شکست دێنێت و بە هەوڵی گەلانی ناوچەکە، ئەمریکا دەبێ ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵێت و بێ گومان بەجێیدەهێڵێت".
ڕێبەری ئێران وتیشی" لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە مایەی شەرمەزارییە بۆ خۆی و بۆ نەتەوەی ئەمریکا چونکە ئەمریکا دەسەڵاتی خۆی نەک بۆ ئاشتی بەڵکوو بۆ کوشتنی منداڵ و خەڵکی غەززە بەکارهێناوە".
عەلی خامنەیی ڕاشیگەیاند"ترامپ بەڵێنی ئاشتی بۆ ناوچەکە دەدات بەلام درۆ دەکات، ترەمپ بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی خۆی بەکارهێنا بۆ کۆمەڵکوژکردنی غەززە، بۆ هاندانی شەڕ لە هەر شوێنێک کە لە توانای بوو.
خامنەیی دووپاتیشیکردەوە ئێران هەموو ڕۆژێک دەسەڵاتی زۆرتر دەبێت و لە هەر شوێنێک پێویست بکات پشتگیری لە نەتەوە لێقەوماوەکان دەکات.