سەرۆك کۆماری ئێران ڕایگەیاند" درێژە بە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەدەن"، دەشڵێت" لە ژێر هەڕەشەدا، سازش لە مافەکانیان ناکەن و پاشەکشە ناکەن".
مەسعود پزیشکیان – سەرۆك کۆماری ئێران ڕایگەیاند: تاران درێژە بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی دەدات لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام لە هەڕەشەکان ناترسێت، دەشڵێت" لەکاتێكدا سەرۆکی ئەمریکا باسی ئاشتی دەکات، هەڕەشە لە ئێران دەکات".
سەرۆك کۆماری ئێران ئەوەشی خستوەتەڕو" تاران دانوستان دەکات و بە هیچ جۆرێك بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام لە هیچ هەڕەشەیەكیش ناترسێت، جەختیشی کردەوە لەوەی: ئێران لە ژێر هەڕەشەدا، سازش لە مافەکانی ناکات و پاشەکشە ناکات".
پێشتریش محەمەد ئیسلامی – سەرۆکی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند" ئێران کار بە بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی دەکات و ئامانجەکانی بەرنامەکەشی ڕون و ئاشتییانەن".
ئیسلامی دوپاتیشی کردەوە" لە ژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، کار دەکەن و دەشڵێت: تاران هەرگیز بەرەو دروستکردنی چەكی ئەتۆمی هەنگاوی نەناوە".